ZNA – هەولێر
لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، 10-1-2023، بانکى ناوەندیى عێراق دەروازەیەکى نوێ بۆ فرۆشتنى دۆلار لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا دەکاتەوە بۆ فرۆشتنى پێنج هەزار دۆلار بە نرخى کەمتر لە بازاڕ بە گەشتیاران.
لە راگەیێندراوێکى بانکى ناوەندىدا هاتووە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، دەروازەیەکى فرۆشتنى نەختینەیى دۆلار بۆ گەشتیاران لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا دەکرێتەوە، لە رێگەى بانکى بازرگانی عێراقى (TBI) کە بڕەکەى پێنج هەزار دۆلارە.
بەپێی رێکارەکانى بانکى ناوەندیی عێراق، دۆلارى ئەمریکى لە رێگەى 20 بانکەوە دەفرۆشرێتە گەشتیاران بە بەهاى (1455) دینار بەرامبەر بە دۆلارێک، کە هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو 10 هەزار دۆلار لەو بانکانە وەربگرێت، بەڵام بەگوێرەى بڕیارە نوێیەکە لەنێو فڕۆکەخانە گەشتیاران دەتوانن تاوەکو بڕى پێنج هەزار دۆلار بە نرخى بانک بکڕن.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبۆتەوە، كە بەهاى 100 دۆلاری ئەمریکى بە زیاتر لە 159 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بانکى ناوەندى هیچ بڕێکی فرۆشتنی دۆلاری رانەگەیاندووە .
ئەم هەواڵە 292جار خوێندراوەتەوە |