ZNA-هەولێر نرخی زێڕ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا و هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ بە نزیکەی 1879 دۆلار مامەڵەی پێوەکراو بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی روونکردنەوەی زیاتری سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی باشتر لە ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکەکە تێبگەن کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بڕیاری نوێ لەسەر سوودی بانکی بدات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی بانکە ناوەندییەکان لە سوێد بەشداردەبێت و لەوێ گوتارێک پێشکەش دەکات. بازرگانان بەوردی چاوەڕوانی گوتارەکەی دەکەن.
نرخی زێڕ لە دەستپێکی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمساڵ بە بەهێزییەوە کرایەوە. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ تەنانەت بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا. نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و گەشبینی بە وەستاندنی سیاسەتی تووندکردنەوەی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە.
کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 12 هەڵاوسان هێشتا کەمتر بووبێتەوە. ئەو ئامارانە کاریگەری گەورە لەسەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێن.
ئەم هەواڵە 232جار خوێندراوەتەوە |