ZNA - ههولێر
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت کەشتییەکی جەنگی ڕووسی کە موشەکی کروزی دەنگبڕی لەسەر بووە لە دەریای نەرویجیدا مەشقی کردووە، لهلایهكی دیكهوه، ئیتاڵیا دەڵێت بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە گەیاندنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دواکەوتوون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " ستافی کەشتی ' ئەدمیڕاڵی کەشتیگەلی گۆرشکۆڤی یەکێتی سۆڤییەت ' مەشقێکی بەرگری ئاسمانییان لە دەریای نەرویجیدا ئەنجام داوە."
وتیشی " ستافەکە لە دەریای نەرویجیدا مەشقێکیان ئەنجام داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی دروستکراوی ئاسمانی دوژمن."
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە موشەکی کروزی دەنگبڕی زیکرۆنەوە کەشتییەکەی ڕەوانەی زەریای ئەتڵەسی کرد.
کەشتیەکە موشەکی زیکرۆنی لەسەرە کە ڕووسیا دەڵێت خێراییەکەی نۆ هێندە خێراتر لە خێرایی دەنگ و مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە 1000 کم. هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ هۆشداریدایە ئەمەریکا و وتی موشەکە دەنگبڕەکان بەمزووانە دەگەنە کەناراوەکانی ناتۆ.
لهلایهكی دیكهوه وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی دەڵێت ئیتاڵیا بە نیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات لە بەرگریکردن دژی هێرشەکانی ڕووسیا، بەڵام کێشەی تەکنیکی هەن پێش ئەوەی ڕەوانە بکرێن.
لێدوانەکەی تاجانی دوای ئەوە دێت ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەی لا ڕیپۆبلیکای ئیتاڵی بڵاویکردەوە بڕیارێک بۆ پێدانی چەکی نوێ بە ئۆکرانیا دواخراوە بۆ مانگی داهاتوو، ئەوەش بەهۆی گرژییە سیاسییەکان و تێچووی چەکەکان و کەمی چەکەکانەوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕۆما بیر لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی کە تیایدا میڵۆنی جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بە " پشتیوانی تەواوی " وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا.
voa
ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە |