ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-01-2023 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە بە رێژەی 0.4% بەرزبووەوە و بە 1883 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی سێی ئەمساڵ هەروەها بە رێژەی 0.4% بەرزبووەوە بۆ ئاستی 1886 دۆلار.
بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ریژەی 0.1% دابەزی و بووە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
ئاژای کێدیا، بەڕیوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (کێدیا) تایبەت بە مامەڵەی زێڕ و کانزاکانی دیکە، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ بە باشی پاڵپشتیی لە دابەزینی بەهای دۆلار وەرگرتووە."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (کێدیا) پێیوایە لەڕووی تەکنیکییەوە چارتی نرخی زێڕ ئاماژە بەوە دەدەن کە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای کانزای زەرد پەیوەستە بە شکاندنی ئاستی 1880 دۆلار.
ئامارەکانی نرخەکانی بەکاربەر و رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر بڵاوببنەوە، کە چاوەروان دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی کاڵا و کانزاکان دروستبکات.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |