ZNA – هەولێر
وەزیری پێشووی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند، ئابوری عێراق لەبەردەم دۆخێکی مەترسیداردایە، ئەوەش لەکاتێکدایە دوو نرخی جیاواز بۆ دۆلار بوونی هەیە لە بازاڕ و بانکەکاندا، ئەندام پەرلەمانێكیش گوتبووی، فرۆشتنی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی هیچ دەرئەنجامێکی نابێت.
محەمەد ساڵح دەراجی وەزیری پێشووی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند: بەهای دۆلار پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو هەیە بۆئەوەی کۆنترۆڵی نرخەکەی بکرێت، هەروەها دابەزینی بەهای دینار کاریگەری لەسەر چینی هەژارانی کۆمەڵگە داناوە.
دەراجی گوتیشی، دوو نرخی جیاواز بۆ دۆلار یەکێکایان لە بانکی ناوەندی و ئەوی دیکەش لە بازاڕدا ئاماژەیە بۆ دۆخێکی مەترسیدار لە ئابوری عێراقدا.
لەماوەی رابردووشدا محەمەد زیادی ئەندام لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردبوو، فرۆشتنی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی هیچ دەرئەنجامێکی نابێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق لەماوەی هەفتەی رابردوودا لەرۆژی یەکشەممەوە هەتا پێنجشەممە بڕی 360 ملیۆن و 945 هەزار و 774 دۆلاری فرۆشتووە، کە رۆژانە بڕی 72 ملیۆن و 189 هەزار و 154 دۆلاربووە و زیاترلە 29% کەمتربووە لە هەفتەی پێشوو.
ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە |