ZNA – هەولێر
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یاڕەڵڵا، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنیی کەرکووک، گەیشتە پارێزگاکە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یاڕەڵڵا و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمەداوی بەیاوەری ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنی و ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتوونەتە پارێزگای کەرکووک.
لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەمنی پارێزگای کەرکووک.
بڕیارە شاندە ئەمنییەکەی عێراق سەرەتا لەگەڵ پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، راکان جبووری کۆدەبنەوە و دواتر ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە بەسەردەکەنەوە.
ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە |