ZNA – هەولێر
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پاراستنی سنووری عێراق هەیە كاری بنیادنانی باڵەخانە و بنکە و بورجی چاودێری تێدا دەكرێت، دەشڵێت، "سنوری عێراق هێڵی سوورە و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەیپارێزین."
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق چەند رێکارێک دەگرێتە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بنکە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و دەشڵێت، " سنووری عێراق هێڵی سوورە پشتگوێ ناخرێت."
شەمەری گوتیشی، چەند بڕیارێک هەیە بۆ توندکردنەوەی سنوور لەگەڵ ئێران و تورکیا و گرتنەبەری چەند رێکارێک بۆ رێکخستنەوەی ئەو سنوورانە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند بڕە پارەیەک تەرخانکراوە بۆ بنیادنانی باڵەخانە و بنکە و دانانی کامێرا و بورجی چاودێری.
وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا 17 جێگای بۆ بنیادنانی بنکە بە درێژایی سنووری تورکیا دیاریکردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکیا دەست دەکەن بە زنجیرەی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەکی بەرز و شاخاوییە.
ئەو روونیشی كردەوە: سەبارەت بە سنووری سوریا دیوارێکی کۆنکرێتی لە شەنگال بە درێژی 65 کیلۆمەتر بنیاد دەنرێت و لە ئێستاشدا دەستکراوە بە بنیادنانی بورجێکی چاودێری و بەم زووانە کاری ئەمنی و چاودێری سنووری تێدا دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، زیاتر لە شەش هەزار پۆلیس لە بنکە سنوورییەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە سنوری عێراق و هەرێم دەپارێزرێت.
ئەم هەواڵە 244جار خوێندراوەتەوە |