ZNA - هه‌ولێر
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ له وه‌ڵامی ئه‌و رەخنانەی كه لێی ده‌گیرێت به‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی روونی نییه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كانی گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به په‌رله‌مان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه، ئاشكرایكرد، وڵاتەکەی لە ململانێیەکی قووڵدایە و کاردەکات بۆ رێگرییکردن لەوه‌ی كه "كۆمه‌ڵگه زیاتر دابه‌شنه‌بێت و قه‌یرانی ده‌ستووریی له وڵات‌دا درووست نه‌بێت.
له گرتە ڤیدیۆییدا کە لەڕێگه‌ی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، هێرزۆگ رایگەیاند: "ئێمە لە ململانێیەکی قووڵداین کە وڵات دابه‌شده‌كات. ئەم جەمسەرگیرییە به‌نده و زۆربەی خەڵک له ئیسرائیل و دەرەوەی وڵات نیگەران دەکات. رێز لەو ڕەخنانە دەگرم کە ئاراستەم دەکرێن. بەڵام من لە ئێستادا سەرنجم لەسەر دوو خاڵی گرنگە، كه بریتین له رێگرییكردن له قەیرانێکی مێژوویی دەستووریی و دابه‌شبوونی زیاتری کۆمەڵگە".
ئیسحاق هێرزۆگ باسی له‌وه‌شكردووه كه ماڵی سهركۆمار "رەنگە تاکە شوێن بێت" کە بتوانرێت تیایدا باسی ئەو پرسە بکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان متمانەی پێبکەن و قبوڵی بکەن. جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه هه‌فتەی رابردوو لەگەڵ لایەنەکانی قەیرانەکەدا كۆبووه‌ته‌وه له‌پێناو زهمینهسازییكردن بۆ درووستكردنی كه‌شی دیالۆگ.
سه‌رۆكی ئیسرائیل تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ئەگەرچی لایەنەکان "نیازی باشیان هەیە" لەسەر پرسەكه به‌ڵام دڵنیا نییە گفتوگۆكان سەرکەوتوو دەبن یان نا، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه ڕێگایه‌كی درێژیان له‌به‌رده‌مدایه و خاڵه‌كانی ناكۆكی زۆرن.هه‌روه‌ها گوتی: "به هه‌موو هێزمه‌وه بەردەوام دەبم لە کارکردن. هیوادارم بتوانین رێگەیەکی ده‌ربازبوون لەم قەیرانە بدۆزینەوە".
هه‌ڵمه‌ته‌كانی حکوومەتی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتی بینامین نه‌تانیاهو، بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ پەرلەمان، بووه‌ته هۆی گرژی لەنێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیل له‌سه‌رووشیانه‌وه دادگای باڵا.
وەزیری دادی ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین رۆژی ٥ی كانوونی دووه‌م، ئاشكرایكرد پلانیان هه‌یه بۆ یاسایەک کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا سنووردار ده‌كات و کاریگەری دەسەڵاتی دادوەری لەسەر هەڵبژاردنی دادوەرەکان کەم ده‌كاتەوە و رێگە بە په‌رله‌مان ده‌دات بڕیارەکانی دادگا هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی پلانه‌ی نوێیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوەری، حکوومەتی هاوپەیمانی ژماره‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه له ئێستدا نۆ كه‌سن بۆ ١١ كه‌س به‌رز ده‌كاته‌وه و حه‌وت لەو ئەندامانە خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت. ئەم زۆرینەیه له ئەندامانی لیژنه‌كه بەو مانایە دێت کە حکوومەت تاکە بڕیاربه‌ده‌ست ده‌بێت لە دانانی دادوەرەکاندا.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پەسەندکردنی یاسایەكی مشتومڕاویی لەلایەن حکوومەتی نه‌تانیاهوه‌وه کە رێگە بە هاوبەشی هاوپه‌یمانییه‌كه، ئاریێ دێری ده‌دات كه پێشتر بەهۆی گەندەڵییه‌وه مهحكومكراوه ببێته وەزیر، كاردانه‌وه‌ی رای گشتیی لێكهوتهوه.
دوێنێ لە تەلئەبیب پایتەختی ئیسرائیل نزیکەی ٨٠ هەزار کەس ناڕەزایەتیان دژی بە ریفۆرمی دادوەریی ده‌ربڕی.
AA
ئەم هەواڵە 94جار خوێندراوەتەوە |