ڕائید کەیفی عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا دانیشتوانی کوردستان ژمارەیان شەش ملیۆن و 103 هەزار و 274 هاووڵاتییە، کە لەچاو ساڵی 2021 لە سەرانسەری کوردستان 115 هەزار و 415 هاووڵاتی زیادی کردووە.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمیش بەم شێوەیە دابەش بوون:
پارێزگای هەولێر دوو ملیۆن و 225 هەزار و 534 کەسن.
پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 226 هەزار و 523 کەسن.
دهۆک یەک ملیۆن و 444 هەزار و 427 کەسن.
ئیدارەی گەرمیان 206 هەزار و 790 کەسن.
ئەو ئەفسەرە باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا 861 هەزار و 509 هاووڵاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕەگەزنامە و نشینگە و کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت و کارتی زانیارییان کردووە.
گوتیشی: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا717 هەزار و 750 کارتی نیشتمانی و146 هەزار و 688 پاسپۆرت بە هاووڵاتیانی کوردستان و 235 هەزار و 219 کارتی نشینگە دراوە بە بیانییەکان کە سەردانی کوردستانیان کردووە. هەرچی کارتی زانیارییشە 700 هەزار و 69 کارتی زانیاری دراوە بە هاووڵاتیانی کوردستان.