ZNA-هەولێر
لەژێر فەرمانی رێزدار ( مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان لە گەڕەكی ١٢٨ ی قەزای عەنكاوا دانرا .
هەریەیەكە لە بەرێزان ( ساسان عەونی ) وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار (د. ئومێد سەباح ) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر ( ئانۆ جەوهەر ) وەزیری گواستنەوەوگەیاندن بەشدار بوون لە مەراسیمەكەدا .
گەڕەكی ١٢٨ لە قەزای عەنكاوا بە یەكێك لەو ناوچە دیار و بەرچاوانە دادەنرێت كە خزمەتگوزارییەكانی وەك تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شۆستە و شەقامەكان و كارەبا وەكو پێویست پێی نەگەیشتبووە تاكو ئێستا دواتر بە بڕیارێكی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوجەیەكی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكە تەرخان كرا بە گوژمەی ( ٥٨٧١٠٠٠٠٠٠ ) پێنچ ملیار و هەشت سەد و حەفتاو یەك ملیۆن دینار .
دوای مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەكە ، بەڕێزان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری هەولێر كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكان لە عەنكاوا ئەنجامدا و پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ خواست و داواكارییەكانی خەڵكی عەنكاوا دووپات كردەوە .
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پلانی ئیدارەی عەنكاوا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ خرایە ڕوو و ڕاپۆرتێكی تایبەت بە گشت وردەكارییەكانی ئەو خزمەتەی لە ساڵی ٢٠٢٢ پێشكەش كراوە خرایە بەردەستی ئامادەبووان.
بەڕێزان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری هەولێر ستایشی كارو هەوڵ و پلانی ئیدارەی عەنكاوایان كرد بە هەموو فەرمانگەكانیەوە ، كە ڕۆلێكی گەورەیان هەبووە لە لابردنی چەندین ئاستەنگ بە تایبەت لۆجیستیەكان.
ئەم هەواڵە 247جار خوێندراوەتەوە |