ZNA – هەولێر
وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند، بۆ فراوانکردنی ژمارەی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا دەبێت سەرجەم چالاکییەکان بەشێوەیەکی گشتگیر یەکبخرێن, هەروەها ژمارەی سەربازانی سوپاکەیان بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار سەرباز بەرزدەکەنەوە.
وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2023 ەوە بۆ ساڵی 2026 گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەی سوپادا دەکەن.
وەزیری بەرگریی رووسیا گوتیشی: بۆ فراوانکردنی ژمارەی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا دەبێت سەرجەم چالاکییەکان بەشێوەیەکی گشتگیر یەکبخرێن و لەگەڵ ماوەی رادەستکردنی چەکەکان لەلایەن پیشەسازیی بەرگرییەوە هاوتا بکرێن و دەشڵێت، "سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری داوە ژمارەی سەربازەکان بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار سەرباز بەرزبکرێنەوە".
سێرگی شۆیگوئاشكراشی كرد: "دابینکردنی ئاسایشی سەربازیی دەوڵەت و پاراستنی ناوچە تازەکان و دامەزراوە هەستیارەکانی رووسیای فیدڕاڵی تەنها بە بەهێزکردنی پێکهاتە بنەڕەتییەکانی سوپا دەبێت”.
شۆیگو زانیاری ئەوەی دا کە لە سوپادا دوو ناوچەی ستراتیژیی سەربازی نوێ بە ناوەکانی (مۆسکۆ و لێنینگراد” پێکدەهێنن و گوتی: "رووسیای فیدڕاڵی لە ناوچە تازەکانیدا یەکەی تەواو کە بەشی خۆیدەکات ئامادە دەکات".
پوتین لەو بڕیارەی کە ساڵی رابردوو واژووی لەسەر کرد بە زیادکردنی 137 هەزار سەرباز لە ساڵی 2023 وە ژمارەی سەربازەکانی رووسیای گەیاندە یەک ملیۆن و 159 هەزار و 623 سەرباز.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |