ZNA-هەولێر بەهۆی گەشبینی بە ئاسانکردنی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1909 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1906 دۆلار.
بیروڕای جیاواز هەیە لەنێوان سەرۆکی لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا.
سەرۆکی لقی فێلادلفیای بانکی ناوەندیی ئەمریکا و سەرۆکی لقی دالاسی ئەو بانکە پێیان وایە دەبێت سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر بەرزبکرێتەوە، بەوپێیەی کە بەرزکردنەوەکانی سوودی بانکی لە ساڵی 2022 دا کاریگەریی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان داناوە.
بازرگانانی زێڕیش چاویان لەوەیە کە مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. ئەگەر ئەم پێشبینییە راست دەربچێت، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ دادەنێت.
ئەم هەواڵە 118جار خوێندراوەتەوە |