ZNA - ههولێر
بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی دوایین وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام درا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دوایین وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی ٢٠٢٣ی کردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق، بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی ئامادەکردووە کە ١٤٠ تریلیۆن دینارە (٩٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی).
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، پێویستە حکوومەت ساڵانە تا ١٥ی مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ئامادە بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕبووە و تا ئێستا پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکراوە.
پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موعین کازمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا راگەیاندبوو کە ئەگەر بەم زووانە پرۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، ئەوا لیژنەی دارایی تاوتوێی دەکات و دواتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت لە کۆتایی مانگی شوباتدا، دەخرێتە دەنگدانەوە.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |