ZNA – هەولێر
هەنگاوی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دانانی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ئێران دروست كردووە، چونكە سوپای پاسداران جگە لە بواری سەربازی، لە بە دەسەڵاتترین دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکانی ئێرانیشە.
سەرۆککۆماری ئێران هەنگاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بە "ناسەرکەوتووبوونی" ناڕەزاییەکان لە ئێران دەبەستێتەوە و دەڵێت، لە رێگەی شەقامەوە نەیانتوانی زیان بە ئێران بگەیێنن، بەو شێوەیە دەیانەوێت لە بەرەوپێشچوون بیانووەستێنن، دەشڵێت: سوپای پاسداران هێزێکی فەرمییە و بە تیرۆریست ناساندنی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێرانیش لە کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەنگاوە، پڕۆژەیاسای بە تیرۆریست ناساندنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپایان ئامادە کردووە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو بابەتە کۆبێتەوە.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "هۆشداری دەدەم بە ئەوروپا، ئەگەر ئەو بڕیارە بە تەواوی پەسند بکرێت، پەرلەمانی ئێران کاردانەوەی هاوشێوەی دەبێت، لۆژیکییە کە ئێمەش وڵاتانی ئەوروپایی بە پشتیوانانی تیرۆر بناسێنین و سوپای وڵاتەکانیان بخەینە چوارچێوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، لەمەودوا بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە رابردوو لە ناوچەکەدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."
ئەم هەواڵە 118جار خوێندراوەتەوە |