ZNA- هەولێر
بەرپرسانی وەزارەتی داد کە راسپێردرابوون بە پشکنینی ماڵی سەرۆكی ئەمەریكا جۆو بایدن، لە نزیكەی 12 کاتژمێردا توانیان دەست بەسەر شەش بەڵگەنامەی نهێنیدا بگرن.
بۆب باوەر پارێزەری تایبەتی جۆو بایدن، رایگەیاند: وەزارەتی داد ئەو بەڵگەنامانەی بەدەستهێناوە کە بە بنچینەی لێکۆڵینەوەکانی دەزانێت.
باوەر باسی لەوەشکردووە، هەڵمەتی پشکنینەکە نزیكەی 12 کاتژمێری خایاندووە و سەرجەم شوێنەکانی کارکردنی بایدن و کۆگاکانی لەماڵەکەیدا پشکنراون، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی داد رایگەیاندووە، ئەوان ئەو مافەیان هەیە بگەنە سەرجەم شوێنەکانی سەرۆک و نوسینە دەستییەکانی دۆسییە و یادەوەرییەکانی و سەرجەم شوێنەکەی بپشکنن کە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
باوەر ئەوەشی خستەڕوو لەماوەی هەفتەی رابردوودا کۆشکی سپی دانی بەوەدا ناوە چەندین بەڵگەنامە لە ماڵەکەی بایدندا دەستیان بەسەردا گیراوە، رۆژی پێنجشەممە بایدن ئەو جەنجاڵییەی لەسەر دۆزینەوەی بەڵگەنامە نهێنییە کۆنەکان کەمکردەوە کە بەشێوەیەکی نەشیاو لەناو کەلوپەلە تایبەتەکانیدا هەڵگیراون و گوتی "هیچ نرخێکیان نییە".
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەم بابەتە، بایدن گوتی، "گوێ بگرن، کۆمەڵێک بەڵگەنامەمان دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی هەڵە هەڵگیرابوون و راستەوخۆ رادەستی ئەرشیف و وەزارەتی داد کراون، دەشلێت، "پێموایە ئێوەش بۆتان رووندەبێتەوە کە ئەوانە هیچ نرخێکیان نییە."
ئەم هەواڵە 136جار خوێندراوەتەوە |