ZNA-هەولێر
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا کە بە بازاڕەکانی ئاسیا دەستپێدەکات، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 46 سەنت دابەزی و بە 87 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 40 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆی نرخەکان، بەڵام نرخی نەوت توانیویەتی بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی هەفتەی رابردووی خۆی بکات.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 1.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
شارەزایانی بانکی ئوسترالیی نیوزلاندی رایانگەیاند، " لە دوای ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین، جموجۆڵی و هاتووچۆی خەڵک لە چین بە رێژەی 22٪ زیادیکردووە، ئەوەش گەشبینی دروستکردووە کە خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە."
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە کە بازاڕی وزە دەتوانێت تووند ببێتەوە، نرخەکان بەرزببنەوە ئەگەر ئابووریی چین بەو شێوازەی کە بازاڕی پێشبینی دەکات بەرەو بووژانەوە بڕوات.
ئەم هەواڵە 121جار خوێندراوەتەوە |