ZNA – هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 23-1-2023، یەکێتی ئەوروپا بە دەنگدان دوا بڕیار لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران بدات، ئەمەش ناڕەزایەتیەكی توندی ئێرانیەكانی بەدوای خۆیەوە هێناوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی داخراو کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە وەزیری دەرەوە و فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو، لە راگەیاندراوێکدا هۆشدارییانداوە، لە ئەگەری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، بڕیاری هاوشێوە لە دژی سوپای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەدەن.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی ئەوروپا پەیوەندی بە "شکستهێنانی" ناڕەزاییەتییەکانەوە هەیە لە ئێران، گوتیشی "لە رێگەی شەقامەوە نەیانتوانی زیان بە ئێران بگەیێنن، هەربۆیە بەو رێگەیە هەوڵ دەدەن بمانوەستێنن".
سەبارەت بە سوپای پاسدارانیش، رەئیسی ئەوەی خستەڕوو، "ئەو سوپایە هێزێکی فەرمییە و بە تیرۆریست ناساندنی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |