هەولێر : ZNA پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن لە ئەمریکا چەند هۆکارێکی سەرمابوونی بەردەوام دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، کەمبوونی ڤیتامینەکان هۆکاری سەرەکییە بۆ بەردەوام هەستکردن بە سەرمابوون و ساردیی دەست و قاچ
. دکتۆر کارۆل دیرسارکیسیان، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی نەخۆشخانەی مانهاتن لە ئەمریکا 'کەمیی ڤیتامینەکان، ناڕێکیی سووڕی خوێن، لاوازیی جەستە و تەنانەت کەمخەویش' بە هۆکاری ساردبوونی بەردەوامی دەست و قاچ دادەنێت
. دکتۆر کارۆل دیرسارکیسیان هۆکارێکی سەرمابوونی بەردەوام دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمیی ڤیتامینەکان و دەڵێت: ''فەرمانی سەرەکیی مادەی ئاسن و ڤیتامین بی گواستنەوە و هاندانی بەرهەمهێنانی خرۆکە سوورەکانی خوێنە کە ئۆکسجین بەنێو جەستەدا دەگوازنەوە، بەڵام کاتێک رێژەی ئەو مادانە کەمدەبنەوە ئەوا بڕێکی کەمتر ئۆکسجین دەگات بە خانەکان، سەرئەنجام کەسەکە دووچاری لەرزین و سەرمابوون دەبێتەوە.'' لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمخەوی لەسەر هەستکردن بە سەرمابوون پسپۆڕەکە دەڵێت: خەوی ناڕێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر خانەکانی مێشک دروستدەکات و وایان لێدەکات لە رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی پلەی گەرمیی جەستە لاوازبن
. بە گوتەی دکتۆر کارۆل ئەو کەسانەی کێشیان کەمە زیاتر دووچاری سەرمابوون دەبنەوە، بەجۆرێک ئەوانەی پێوانەی بارستایی جەستەیان BMI لە 18.5 کەمترە بەڕێژەیەکی زیاتر دووچاری سەرمابوونی قاچ و دەستەکان دەبن
. لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی فریاکەوتن پێشنیازدەکات لەوەرزی زستاندا بایەخ بە خۆراکەکانی وەکو 'مۆز، زەنجەبیل، قاوە، گۆشت، پەتاتە، شۆفان و سووپ' بدرێت، هاوکات لەکاتی کەمبوونی ڤیتامینەکانیش دەشێت پەنا ببرێتە بەر تەواوکەرەخۆراکییەکانی ڤیتامین بی و مادەی ئاسن لەژێر راوێژی پزیشک.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |