ZNA – هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نزیکن لە رێککەوتن لەبارەی خەرجکردنی بڕی 300 ملیار دۆلار لە پارە سزادراوەکانی روسیا بۆ بنیادنانەوەی ئۆکرانیا و دەشڵێت، "داوادەکەم گفتوگۆکان خێراتر بکرێت."
چارل میشال سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بە رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی راگەیاندووە: وڵاتانی ئەوروپا نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن لە خەرجکردنی بڕی 300 ملیار دۆلاری روسی لە دووبارە بنیادنانەوەی ئۆکرانیادا.
میشال گوتیشی، ئەوروپا دەیەوێت لەرێگەی ئەو سودانەی بانکی ناوەندی روسیا بەدەستی دەهێنیت بەشێک لە تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا دابین بکات.
ئەو روونیشی كردەوە، کاریکی دادپەروەرانەیە کە ئەو 300 ملیار دۆلارەی ساڵی رابردوو ئەوروپا وەک سزا بەسەر بانکی ناوەندی روسیادا سەپاندی لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئەو وڵاتە لە ئۆکرانیادا و لەگەڵ پارەکانی روسیا بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئۆکرانیا بەکاربهێندرێت.
لایخۆشییەوە سێرگی ریابکوف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەو کارەی وڵاتانی رۆژئاوا نا یاساییە و پارەکانی روسیا بە نا یاسایی دەبەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە 24ـی شوباتی ساڵی رابردوو سوپای روسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگ بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە یەکێتی ئەوروپا سزای قورسی ئابووری بەسەر روسیادا سەپاندووە.
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |