ZNA – هەولێر
هێزە ئەمنییەکانی بەغدا چوار کەسیان بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دۆلارەوە دەستگیرکرد، دوای ئەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی لەپۆستەكەی دوورخرایەوە.
میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە،23-1-2023، بەپێی راگەیاندراوێکی هێزە ئەمنییەکان، دوای چاودێری وردی هەواڵگری لە شاری بەغدا چوار تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە دەستیان هەبووە لە پشت ناجێگیری نرخی دۆلارەوە.
میدیاكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەو چوار کەسە بە پێچەوانەی یاساکانی بانکی فیدراڵی دراوی بیانیان ئاڵوگۆڕ کردووە و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە لە کاتی ئاڵوگۆڕی دراو بە شێوەی نایاسایی دەستگیرکراون.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا هێزە ئەمنییەکان دوو نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراویان داخست کە بە پێچەوانەی یاساکانی بانکی ناوەندی دۆلاریان فرۆشتبوو و تۆمەتباربوون بە ناجێگیری نرخی دۆلار لە بازاڕدا.
دوێنێ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی لەپۆستەكەی دوورخستەوە و لەشوێنی ئەو علی علاق ی بەوەكالەت دانا، بەمەش نرخی دۆلار دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |