ZNA – هەولێر
سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا، سێرگی نارشکین رایگەیاند، سوپای ئۆکراینا ئەو چەکانەی لە رۆژئاواوە بەدەستی گەیشتووە، لە وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە جێگیریان دەکات.
سێرگی نارشكین گوتیشی:" بەڵگەی متمانەپێکراومان لەسەر ئەوە پێدەگات کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە لەلایەن رۆژئاواوە بۆیان دابینکراوە لە وێستگە ئەتۆمییەکان عەمباری دەکات، لێرە مووشەک و تەقەمەنی تۆپهاوێژی گرانبەها و دەگمەن بۆ مووشەکهاوێژی فرەلوولەی جۆری HIMARS و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بیانی هەڵگیراوە".
نارشکین سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتایی ساڵی رابردوو بە ڤارگۆن تەقەمەنی بۆ وێستگەی ئەتۆمی ریڤنی ئۆکراینا گواستراوەتەوە و ئەگەری هەیە لە هەر دۆخێک کە لە داهاتوودا رووبدات رووسیا تاوانبار بکرێت.
نارشکین، هیوای خۆی بۆ ئەوە خواست کە تەقەمەنییەکانی نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا نەتەقێتەوە.
ئەم هەواڵە 145جار خوێندراوەتەوە |