ZNA - ههولێر یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 37 بەرپرس و لایەنی دیکەی ئێرانیدا سەپاند و سەرمایەکانیانی سڕکرد و گەشتکردنیانی بۆ ئەوروپا قەدەغە کرد و خرانە لیستی ڕەشەوە، لهبهرامبهردا ئێران رایگەیاند، لە کاتێکی نزیکدا لیستێکی نوێی سزاکان دژبە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا و پشتیوانیکردنیان لە تیرۆر رادەگەیەنێت.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی باسی لە دوایین سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا کردووە کە بەسەر تاراندا سەپاندوویانە.
ناسر کەنعانی باسی لەوە کرد کە سەرکۆنەی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیایان کردووە و رایگەیاند: ''ئەم کارەی یەکێتیی ئەورووپا و رژێمی بەریتانیا نیشانەی سەرلێشێواوییانە بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران و بێتوانایی دەروونیان لە تێگەیشتنی تەواو لە راستییەکانی ئێران''.
گوتیشی: ''ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی ئەو جۆرە سیاسەتە شکستخواردووانە بداتەوە و لە کاتێکی نزیکدا لیستێکی نوێی سزاکان رادەگەیەنێت دژبە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا و پشتیوانیکردنیان لە تیرۆر''.
بەهۆی رۆڵیان لە دامرکاندنەوەی ئەو خۆپیشاندانانەی لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران سەریانهەڵدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریاندا بە سەپاندنی سزا بەسەر ١٨ کەسایەتی و ١٩ دامەزراوەی ئێرانیدا.
هەروەها بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان و لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانی-بەریتانی بوو بە تاوانی سیخوڕیکردن، بەریتانیا ژمارەیەک بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە.
AA
ئەم هەواڵە 121جار خوێندراوەتەوە |