ZNA – هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد، خێرا هەنگاوبنێن بۆ ئەوەی چەك قەدەغەبکات، ئەم داواکارییەی بایدن دوای ئەوە هات کە لە ماوەیەكی كەم دوو رووداوی تەقەکردن لە کالیفۆرنیا روویاندا.
لە راگەیێندراوێکدا جۆو بایدن سەرۆكی ئەمەریكا گوتی: "ئێمە دەزانین کە کارەساتی تووندوتیژیی بە چەک لە سەرانسەری ئەمریکا پێویستی بە هەنگاوی بەهێزتر هەیە، دووبارە داوا لە هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس دەکەم خێرا هەنگاوبنێن و یاسای قەدەغەکردنی چەك بگەیێننە سەر مێزەکەم بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین و خەڵکی ئەمریکا بپارێزین."
رۆژی سێشەممە، 24-1-2023، گومانلێکراوی کوشتنی حەوت کەسی باکووری کالیفۆرنیا دەستگیرکرا، ئەوە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە رووداوێکی دیکەی تەقەکردن لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەری ساڵی چینی لە لۆس ئەنجلۆس ڕوویداو 11 کەس کوژران.
ژمارەیەک سیناتۆر رۆژی دووشەممە هەموارێکی نوێیان بۆ یاسای قەدەغەکردنی چەك پێشنیازکرد کە وا دەکات کەمترین تەمەنی رێگە پێدراو بۆ کڕینی ئەو چەکانە 21 ساڵ بێت.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |