ZNA : هەولێر کونجی رەش سەرچاوی کانزا و ڤیتامینە گرنگەکانە بۆ تەندروستی ئێسک و دەمار و ماسولکە و بەرگری جەستە. بەپێی بابەتێکی تەندروستی ماڵپەڕی"العین"، سەنتەری پاراستنی بەکاربەران لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا رایگەیاند، کونجی رەش دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و ئاسن و زینک و فسفۆر و ڤیتامین A و ڤیتامینەکانی B1 و B2 و B3. سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کونجی رەش دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ترشە ئەمینییە پێویستەکان و ریشاڵی خۆراکی کە گرنگن بۆ تەندروستی ماسولکە و پێست و قژ و کۆئەندامی هەرس، لەکاتێکدا کاربۆهیدراتی کەمیشی تێدایە.
جگە لەوەش کونجی رەش مادەی لێسیتینی تێدایە کە تایبەتمەندی رۆیشتنی خوێن باشتر دەکات و سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان. سەنتەرەکە ئەوەشی خستووتەڕوو کە دەتوانرێت کونجی رەش بخرێتە نان و زەڵاتەکانەوە.
کونجی ڕەش بریتیە لە تۆوی بچووک و تەخت و چەور کە لە ناوکەکانی رووەکی کونجی هیندیدا گەشە دەکات، هەزاران ساڵە دەچێنرێت.
کونجی بە چەندین رەنگی جۆراوجۆر گەشە دەکات، لەوانە ڕەش، قاوەیی، خۆڵەمێشی، زێڕین و سپی
. کونجی رەش بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاسیا بەرهەم دەهێنرێت و لە هەموو جیهاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە. کونجی بەزۆری توێکڵەکەی لێناکرێتەوە و تامێکی بەهێزتری هەیە، بە بەراورد بەو کونجییە سپییە نەرمەکان کە توێکڵەکانیان لابراوە.
ئەم هەواڵە 787جار خوێندراوەتەوە |