ZNA- هەولێر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد حکوومەتی عێراق لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەنێرێتە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25/1/2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "پاش سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 11ی ئەم مانگە بۆ بەغدا، حکوومەتی عێراق كاروانێكی 60 تەنكەر بە بڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەنێرێتە هەرێمی كوردستان".
ئەوەش خراوەتە روو: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم بڕە نەوتە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكاندا بێ بەرامبەر دابەش دەكات و 30 تەنكەری بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆیە و 30 تەنكەری دیكەی نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دەبێت".
ئاماژە بەوەش دراوە: "چاوەڕوان دەكرێت دوای هاتنی ئەو بڕە نەوتە راستەوخۆ نرخی بەهای نەوتی سپی لەبازاڕەكانی كوردستاندا روو لە دابەزین بكات و پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی خێراتر بکات".
ئەم هەواڵە 184جار خوێندراوەتەوە |