ZNA - ههولێر
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن رایگەیاند: "پێکدادانەکانی سووریا پێویستییان بە چارەسەرێکی سیاسیی بەرفراوان هەیە، بەڵام ئەم چارەسەرییە نزیک نییە".
نوێنەرایەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر راگەیەندراوێکی بەناوی گێیر ئۆتۆ پێدەرسن-ـەوە بڵاو کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتە گەلی سووریا لە ٢٠٢٣ لەنێو قەیران و پەشێوی زۆردا گیری خواردووە و تیایدا هاتووە: "پێکدادانەکانی سووریا پێویستییان بە چارەسەرێکی سیاسیی بەرفراوان هەیە، بەڵام ئەم چارەسەرییە نزیک نییە. بۆ چارەسەرکردنی پێکدادانەکان مەرجە بەردەوامی بە ئاگربەست بدرێت لە سەرتاسەری سووریادا".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە خوازیارن لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا بەردەوام بێت لە کارەکانی لە جنێف و کارەکانیان بەرەوپێشچوونی کردەیی بە خۆیەوە ببینێت، نووسیوویەتی: "لەم بارەیەوە پێشهاتێکی نوێ لە ئارادا نییە تاکوو بکرێت بە راپۆرت. پێویستە لە سەرەتادا هەنگاو هەنگاو رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر کە متمانە زیاد بکات. سوپاسی تەواوی لایەنەکان دەکەم بۆ قووڵکردنەوەی دیالۆگ".
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر پێدەرسن سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ٢٤ی کانوونی دووەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، شانشینی یەکگرتوو و ئەمریکا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناوی لێ ندراوە "گروپی بچووک" لەبارەی سووریاوە کۆبوونەتەوە، هەروەها سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی سووریا، بەدر جاموس و هاوسەرۆکی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، هادی ئەل بەهرا لە ٢٣ی کانوونی دووەم لە جنێف کۆبوونەتەوە.
AA
ئەم هەواڵە 298جار خوێندراوەتەوە |