ZNA – هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی راپۆرتێکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بڵاوکردەوە، کە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە دۆمای سووریا دەداتە پاڵ رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
رۆژی هەینی، 27-1-2023، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی راپۆرتێکی لەبارەی هێرشە کیمیاییەکەی 7ـی نیسانی 2018 بۆ سەر شارۆچکەی دۆما بڵاوکردەوە و تاوانەکەی خستە پاڵ سوپای سووریا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە كاتژمێر 7:30 خولەكی سەر لە ئێوارە، لانیکەم یەک فڕۆکەی Mi-8/17 لە بنکەی سەربازی زەمیر، کە سەر بە سوپای ئاسمانی سووریا بووەو لەلایەن هێزی پڵنگەوە بەڕێوەبراوە، فڕیوە.
لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، فڕۆکەکە دوو بەرمیلی زەردی پڕ لە تەقەمەنی فڕێدەداتە خوارەوە، بەرمیلەکان بەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەکەون لە ناوەندی شارەکە و گازی کلۆراین دەردەکەن، بەو هۆیەوە 43 کەس دەکوژرێن و چەند کەسێکی دیکەش بریندار دەبن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاند: حکومەتی ئەمریکا "بەوپەڕی تووندییەوە سەرکۆنەی بەکارهێنانی یەک لە دوای یەکی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە دەکات، هەروەها ئەمریکا جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی رژێمی ئەسەد دەبێت ملکەچی ئەو بڕیارانە بێت کە لەلایەن رێکەوتنی چەکی کیمیایی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دراوە بە سەریدا.
ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا: بەشێک لە تۆمەتەکە دەداتە پاڵ رووسیا و ئاماژە بەوەدەکات، بەشێک لە هێزی ئاسمانی رووسیا هاوشانی هێزی پڵنگی سووریا لە بنکەی زەمیر ماونەتەوە، باس لەوەش دەکات، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەو رۆژە لەلایەن هێزی ئاسمانیی سووریا و هێزی بەرگریی ئاسمانی رووسیاوە جێبەجێکراوە.
ئەمریکا داوا لە رووسیا دەکات لە داپۆشینی سووریا لە بەرپرسیارێتیی چەکی کیمیایی رابوەستێت، هاوکات هۆشدارییەکیشی بە رووسیا داوە کە دەڵێت، "هیچ زانیارییەکی نادروست لە کرێملنەوە ناتوانێت دەستی رووسیا لە هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد بشارێتەوە."
ئەم هەواڵە 562جار خوێندراوەتەوە |