|
هەولێر – ZNA بەڵگە فیلمێکی سەهیم حومەر خەلیفە دەرهێنەری کورد لەبارەی لەتیف ئەلعانی، فۆتۆگرافەری کورد، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا هەڵبژێردراوە و لە بەشی فیلمە بەلجیکییەکانیش لە کێبڕکێدایە.
بەڵگەفیلمەکە بەناوی "جوانی شاراوەی عێراق"ـە، تێیدا باس لە لەتیف ئەلعانی، فۆتۆگرافەری عێراقی و بەرهەمەکانی دەکات کە وێنەی زۆری لە باشووری کوردستان وێنەگرتووە، بە تایبەتیش سەرکردەکانی کورد، لەوانە مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی.
فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە بەلجیکا دەناسرێت و لە شاری لۆڤین لە 22-30ـی ئازاری 2023 بەڕێوەدەچێت و یەکێک لەو فێستیڤاڵانەیە کە براوەی فیلمی لیژنەی دادوەری، دەچێتە لیستی درێژی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
"باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی" نازناوێکە خەڵک بە لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە. فیلمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە.
لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
لەم بەرهەمەدا لاس بێلگاس بەرهەمهێنەری سەرکییە و لە نووسین و دەرهێنانی فیلمەکەدا هاوکاری خەلیفە بووە، هەروەها سۆمەریان بۆ بەرهەمهێنانی دراما لە عێراق و Faitesunvoeu لە فەرەنسا بەرهەمهێنەرینە، جگە لە کەناڵی ART ـی فەرەنسی و 12 کەناڵی دیکە بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکەن.
لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021 لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغداد کۆچی دواییکرد.
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |