ZNA-هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30-1-2023 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی نەوت بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هێرشی سەر دامەزراوە و کارگەکانی پەیوەست بە پیشەسازی ئەتۆمیی ئێران دەگەڕێتەوە.
گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی چینیش لەلایەکی دیکەوە بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 46 سەنت بەرزبووەوە بە 87 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 54 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە پێدەچێت ئیسرائیل لە پشت هێرشی رۆژی یەکشەممەی سەر دامەزراوەیەکی سەربازی-ئەتۆمی ئێران بێت.
ستێفانۆ گراسۆ، شرۆڤەکارێکی بازاڕە داراییەکانە لە سێنگاپوور و لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دیار نییە لە ئێران چی روودەدات، بەڵام هەرچەشنە ئاڵۆزییەکی جیۆپۆلەتیک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان لە پچڕانی دابینکردنی نەوت نیگەران بکات."
بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیارە رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆببنەوە و پێشبینی دەکرێت سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەسەر خستنەڕووی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا نەیێت.
لەلایەکی دیکەوە پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای باڵتیکەوە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا. بەو پێیەش نرخی نەوت هەفتەی رابردوو یەکەم دابەزینی هەفتانەی خۆی لە ئەمساڵدا تۆمارکرد.
گراسۆ کە خۆی پێشتر شارەزایەکی فرۆشتنی نەوت بووە و سەر بە کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵییە، دەڵێت، زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ کڕینی نەوت، رۆژانە دەتوانێت یەک ملیۆن بەرمیل گۆڕانکاری دروستبکات لە خواست و خستنەڕووی نەوت.
گراسۆ دەڵێت، لەسەر ئاستی جیهاندا جموجووڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیکردووە، بەتایبەتی لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵی چین و گەڕانەوەی خەڵک و بازرگانان لەو وڵاتە بۆ سەر چالاکیی ئابووریی خۆیان.
ئەو شارەزایە پێیوایە نرخی نەوت لەسەر خۆ روو لە بەرزبوونەوە دەکات لە ماوەیەکی کورتخایەندا.
ئەم هەواڵە 454جار خوێندراوەتەوە |