ZNA – هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران گەڕانەوەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەمریکا رێککەوتنی دیبلۆماسی بە رێگاچارەی گونجاو دەزانێت بۆ مامەڵەکردن لە دۆسیەی ئێراندا.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی عەرەبیەی ڕاگەیاند: ئێران بە تەواوی گەڕانەوەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە، هەروەها ئێمەش سورین لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و دەشڵێت، "هەموو بژاردەکان کراوەیە لە بەردەستماندا بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی ئێران."
ئەو گوتیشی: وڵاتەکەی پابەندە بە سزادانی ئێرانەوە و بەردەوامیشە لە گەڕان بەدوای رێگای دیکەی دبلۆماسی بۆ رێگریکردن لە ویستەکانی ئێران.
بلینكن روونیشی كردەوە، كە ئێران هاوکاری روسیا دەکات لە جەنگی ئۆکرانیادا و چەک و کەلوپەلی سەربازی پێشکەش دەکات.
لەگەڵ دەرچوونی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی کانونی دووەمی 2021 یەکێک لەو دۆسییانەی باسی لێوەکرد زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان وڵاتەکەیی و ئێران بوو، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستییان پێکردەوە.
ئەم هەواڵە 352جار خوێندراوەتەوە |