ZNA-هەولێر باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، لە چەند ناوچەیەکی تورکیا ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدرێت و، دەسەڵاتدارانی تورکیاش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو بابەتە.
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، حکومەتی ئەمریکا هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی دژی کڵێسا و کەنیسەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ئیستانبوڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاگاداردەکاتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان تا سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان نەکەن و ئاگاداری ئەو شوێنانەبن کە کەسانی بیانی لە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دەکەن، بەتایبەتی بیئۆغڵو، گالاتا، تەقسیم و شەقامی ئیستیقلال.
باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەنقەرە ئامۆژگاری هاووڵاتیانی دەکات لەوەی، چاویان لەسەر میدیا ناوخۆییەکان بێت و ئاگاداری دەوروبەری خۆیان بن.
ئەم ئاگادارییەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە لە سوید و دانیمارک کۆپی قورئانی پیرۆز سوتێندرا.
چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.
ئەم هەواڵە 592جار خوێندراوەتەوە |