ZNA- هەولێر
دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئۆپەراسیۆنێکدا، چوار تۆمەرتباریان دەستگیرکرد کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی باجەکانە، دەستیشیان بەسەر سەرووی ملیارێک دینار و بڕێکی زۆر خشڵ و تاپۆی 11 خانوو داگرتووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-01-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دەستکەوتنی زانیاریی وورد و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران."
بەپێی راگەیێندراوەکە ئەو سێ تۆمەتبارە پەیوەندییان بە تۆمەتبارێکی دیکەوە هەیە، ئەویش بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتی باجەکانە، کە لەسەر بابەتێکی دیکە دەستبەسەرە و دانپێنانی وەرگیراوە، ئەو چوار کەسە تۆمەتبارکراون بە "سپیکردنەوەی پارە."
دەستەی دەستپاکی عێراق راشیگەیاند: هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر یەک ملیار و 227 ملیۆن دینار و "556،900 " هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی زۆر لە زێڕ و خشڵی تۆمەتبارەکاندا گرتووە، هەروەها دەستیان بەسەر 11 تاپۆی خانووبەرە کە 9 یان لە ناوخۆی عێراق و دووەکەی دیکە لە دەرەوەی وڵات بوون گرتووە.
بە گوێرەی دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی گشتیی باجەکان، دانی بەوەداناوە 3.6 ملیۆن دۆلاری بردووەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی بەڵگەنامەیەک لە 15-9-2022 دەرچووە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕێکی زۆر پارە لە داهاتی دەستەی گشتیی باجەکان، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە" ئوسامە حسام جەودەت" و یاریدەدەر و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشەکانی دەستەکان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
ئەم هەواڵە 520جار خوێندراوەتەوە |