ZNA - ههولێر
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند لە ئەگەری رەخساندنی هەلومەرجی پێویست، رەوانەکردنی فڕۆکەی جەنگیی بۆ ئۆکراینا لە دەرەوەی بژاردەکان نییە.
ئیمانوێل ماکرۆن دوای ئەوەی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هۆڵەندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک رووتە کۆبوویەوە؛ کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ هەردوو سەرکردە رێک خرا.
سەرکۆماری فەڕەنسا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ئۆکراینایان تاوتوێ کردووە، جەختی لەوە کردەوە کە تاکوو پێویست بکات لە هەموو بوارەکاندا، هاوکاری بۆ ئۆکراینا رەوانە دەکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری رەوانەکردنی فڕۆکەی جەنگیی بۆ ئۆکراینا، گوتی: "هیچ شتێک لە دەرەوەی بژاردەکان نییە" و ئاماژەی بەوە دا کە دەتوانن فڕۆکەی جەنگیی بە ئۆکراینا بدەن بە مەرجێک نەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکان و لە خاکی رووسیادا بەکار نەهێندرێت، هەروەها نەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزی سوپای فەڕەنسا.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا کە بۆ رەوانەکردنی فڕۆکەی جەنگیی پێویستە ئۆکراینا داواکارییەکی لەم جۆرەی هەبێت و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک رووتە ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا داواکارییەکی لەم جۆرەیان لەلایەن ئۆکرایناوە پێ نەگەیشتووە.
مارک رووتە سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هۆڵەندا و فەڕەنسا بە رادەیەکی زۆر هەمان بۆچوونیان هەیە لەبارەی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت پرسی کۆچ و بە پێویستی زانی شەپۆلی کۆچ بۆ یەکێتیی ئەورووپا بە جۆرێک بێت کە بەڕێوە ببردرێت.
ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە |