ZNA-هەولێر دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 31 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڵام بەرزبوونەوەکان سنووردار بوون، بەوپێیەی کە ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە.
بانکی ئوسترالی - نیوزیلاندی، ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، "بەهۆی وەرزی راگەیاندنی قازانجی کۆمپانیاکان و ئەنجامی ئەرێنیی هەندێ لە کۆمپانیاکان و لەلایەکی دیکەشەوە پێشبینییەکان بۆ کەمتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە."
بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئابووری، کەمتر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار کە یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.
ئەم هەواڵە 313جار خوێندراوەتەوە |