ZNA-هەولێر
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ رێکخەری مرۆیی و جێگری سەرۆکی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق، غولام محەمەد ئیسحاق و شاندێکی یاوەری، کە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئامادەی بوو، لەتیف رەشید، باسی لە دۆسیەی ئاوارەکان کردووە لە وڵاتدا، جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکان لەگشت بوارەکاندا لەپێناوی یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکەیان و فەراهەمکردنی ژیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کردەوە، هاوکات جەختیشی لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەم دۆسییە مرۆییە گرنگە و کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەیەوە، کردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، مانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بەو دۆخە نالەبارەی بژێویان، مایەی قبوڵکردن نییە و جەختیشیکردەوە لەپێویستی پەلەکردن لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ژیانێکی شکۆمەند.
لەتیف رەشید راشیگەیاندووە، سەرۆکایەتی کۆمار گرنگییەکی تاییەت بە دۆسییەی ئاوارەکان دەدات و ئامادەی دەربڕی، بۆ هەر پشتیوانییەکە کە پێویست بکات بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەکانیان تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە |