تاران – ZNA عهباس غهزالی کهسایهتی چالاکی بواری کولتوور و هونەر لە هەرێمی کوردستان، به بۆنهی ساڵوهگهڕی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی کورد محەممەد ماملێ دەڵێت، محەممەد ماملێ هونەرمەندێکی رەسەن و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمانهکهی بوو.
عهباس غهزالی، ئهندامی بهرچاو و راوێژکاری فهرههنگی و هونهری پارتی دیموکڕاتی کوردستان و نوێنهری پێشووی پهرلهمانی ههرێمی کوردستان؛ به بۆنهی ساڵوهگهڕیی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی ههرمانی کورد محەممەد ماملێ وتارێکی نووسیوه که دهقی تهواویی ئهم وتاره سهبارهت به ئهفسانهی موزیکی کوردستان له خوارهدا هاتووه:
مامۆستا محەممەد ماملێ کەسێکە کە لەبەر دەنگە سیحراوییەکەی ناوی هاتە ناو دیوانی شاعیران؛ بۆ نموونە، کەسایەتییەکی وەک مامۆستا هێمن لە شیعری «یادم بکەن»دا دەڵێ: "لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ – لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ". وێڕای ئەو دەنگە خۆشە، پێویستە ئەو هونەرمەندە، ڕەسەن و پابەندە بە رەوشتی بەرزی کوردەواری، لە روانگەی تریشدا ببینین.
ماملێ کوردانە وەفادار بووە بە رێچکەی هونەریی باب و باپیرانی و هیچ کات هونەری وەلا نەنا. لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتوو نەبووە، ئەو بۆتە پردێک بۆ گواستنەوەی دەنگ و گۆرانییەکانی باب و باپیران و پێشینانی خۆی بۆ ئەوەی ئەو دەنگ و کەلتوورە زارەکییانەی کوردەواری لە سەردەمی وەفاییەوە بگەیێنێتە نەوەی دوای ئەوان و بەم جۆرە توانی سەدان گۆرانی بۆ کورد تۆمار بکات.
ماملێ نەک هەر وەفادار بوو بە شاعیرێکی وەک وەفایی لە سەردەمی پێش خۆی، بەڵکوو لە سەردەمی خۆشیدا شیعری شاعیرانی بەرزی وەک هەژار و هێمنی بە دەنگە خۆشەکەی بڵاو دەکردەوە. هەروەها جگە لە شیعری ئەم شاعیرانە، گرینگی بە شیعری شاعیرانی تریش داوە؛ بۆ وێنە ماملێ شیعری "راوچییان راوە"ی سولەیمان ئەمیر عەشایێری [کاک سێمانی شاوەلە] کردۆتە گۆرانی و هەروەها شیعری "دەشتی پیرانان"ی مەعرووف ئەمین عەشایێری [مارف ئاغای قەڵاتە ڕەشێ] هێناوەتە ناو موزیکی کوردی. جگە لەوانە، مێلۆدییە کوردییەکانی لە ناو زمانەکانی دیکەدا دیتۆتەوە و دووبارە کورداندوونییەتەوە. هەروەها ئەو بە گوتنەوەی مێلۆدی فارسی و ئازەری کەلتووری پێکەوەژیانی کوردانی بێ جیاکاری بە نەتەوەکانی دیکە ناساندووە.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، ماملێ بە گۆرانییە خۆشەکانی خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگی کوردی کردووە و لە گۆرانییەکانی ئەوڕا دەکرێ شێوە ژیانی کوردەواری وێنا بکرێت. ئەو توانی بایەخی گۆرانی دیوانی و مەجلیسی لەناو کورددا بگەیێنێتە ئاستێکی بەرزتر.
هەروەها وەک کەسایەتییەکی پێشکەوتوو و هونەرمەندێکی کۆمەڵایەتی، بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی بۆ ژنی کورد بووە و کەسێکیش بووە کە ئازادیی ژنی لە ماڵەکەی خۆیدا دەست پێکردووە. ماملێ بە گۆرانی "یادگاری شیرین" بیرۆکەی پیرۆزبوونی ئافرەت و ئازادیی ئافرەتی لە ناو کوردەواریدا شیرینتر کرد. شایانی ئاماژەیە ئەم بیرۆکەیە کە لە دێڕی "با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی روونیشمان هەبێ – تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە"ی (یادگاری شیرین)ی مامۆستا هێمندا چەکەرەی کرد و وەک بەشێکی گرینگی فەرهەنگی کوردەواری، ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا بۆتە دروشمێکی مرۆیی و دیمۆکراسیانە کە کورد سەری پێ بەرز بووە.
ماملێ وەک کەسێکی زمان دۆست، جگە لەوەی بە گۆرانییەکانی سەدان وشەی کوردی ناوچەیی لە ونبوون پاراست، لە ناو گۆرانییەکانیدا ئەوەندە باسی شار و گوندەکانی کوردستان کراوە کە بیسەر خۆشەویستی نیشتیمانی زیاتر دەکەوێتە دڵ. گۆرانییەکانی ماملێ جگە لە ناوچەی موکریان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش وەک ناوچەی ئەردەلان و کرماشان و سۆران و پشدەر و بیتوێن، هەوادار و تامەزرۆی زۆری لێ بوون. ماملێ بە گۆرانییەکانی ئەوەی سەلماند کە کورد یەک فەرهەنگ و زمانە و بەم جۆرە سنووری دەستکردی کوردستانی وەلا دەنا.
وێڕای توانا هونەرییەکەی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکەی، ماملێ کەسێک بوو کە لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردیدا بەشدار بووە و بە هونەرمەندێکی سیاسیش ناو دەبرێ و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. ئەو کەسێکی وەفادار بە نیشتیمان و نەتەوەکەی بووە و لە سەر بیروباوەڕی خۆی سەختی زۆری کێشاوە و تا کۆچی دوایشی کرد هەر بە سەربەرزی و عێزەتەوە ژیا.
مەنسوور جیهانی
ئەم هەواڵە 370جار خوێندراوەتەوە |