ZNA- هەولێر
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دوای دەستبەكاربوونی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەنجام دا، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەش بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکە تاوەکو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکرێتەوە.
بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە 2-2-2023، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق بچێتە تورکیا و لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵی و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا كۆببنەوە.
هەروەها بریارە رۆژانی 8 و 9ـ2-2023، بۆ تاوتوێکردنى هەمان پرس بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق سەردانى ئەمریکا بكەن، هەروەها بانکى ناوەندیش جەخت لەوە دەکاتەوە رێوشوێنى دیکە دەگرنەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار و زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتن و هاوکاریکردنی بازرگانە بچووکەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانى دۆلار بەمەبەستى بازرگانى.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: دەوڵەت، بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەتی نوێی عێراق لەتوانایاندایە رێوشوێن بگرنەبەر تاوەکو نرخی دۆلار بگەڕێننەوە نرخی فەرمی کە دیاریکراوە ئەمەش دەکرێت بەشێوەیەکی بەپەلە بێت، پێشتر شێواوییەکی زۆر هەبوو وایکرد دینار بەم شێوەیە دابەزێت، بۆ نموونە هێشتنەوە پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی بۆ ماوەیەکی زۆر کە پێچەوانەی یاسا بوو، هەروەها بەردەوامی هەڵەکانی حکومەتی پێشوو هۆکاربوون تاوەکو دۆخەکە گەیشتە ئەم ئاستە.
لەسەر راسپاردەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق وەزارەتی بازرگانی بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لە بازاڕدا بەهۆى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار چەندین جۆر خۆراک بە نرخى پاڵپشتیکراوى کەمتر لە بازاڕ بە خەڵک دەدەن ئەم پرۆسەیە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەکات.
ئەم هەواڵە 550جار خوێندراوەتەوە |