ZNA- هەولێر
رۆژی سێشەممە 31-1-2023، وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، حەوت دامەزراوەی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، بەهۆی ئەوەی هاوکاری رووسیایان کردووە لەدابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، کە مۆسکۆ لە جەنگ لە دژی ئۆکراینا بەکاریهێناون.
وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا رایگەیاندووە: "وەزارەتەکەمان حەوت دامەزراوەی ئێران دەخاتە لیستی رەشەوە، کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە سەلمێنراوە، کارەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایە و هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری و سەربازیی رووسیای کردووە و سزاکانیش لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێن."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکادا هاتووە، کۆمپانیاکان تایبەت بوون بە دروستکردنی کەلوپەلی مەکینەی فڕۆکە، هەروەها کەلوپەلی سەربازی، لەگەڵ درۆنی سەربازی.
هەروەها وەزارەتی بازرگانی ئاماژەیبەوەشكردووە، ئەم هاوکارییە جیاوازە لەوەی ئێران راستەوخۆ درۆنی سەربازی بۆ رووسیا دابینکردووە و مۆسکۆش لە دژی ئۆکراینییەکان بەکاریهێناوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردوو، ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بە سەدان درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە کە رووسیا بەکاریهێناون بۆ بە ئامانجکردنی کەرتی کارەبای ئۆکراینا.
ئەم هەواڵە 394جار خوێندراوەتەوە |