ZNA - ههولێر
ئەمەریکا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیماننامەی نیو ستارتی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی.
لە ساڵی 2011 دا پەیماننامەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ساڵی 2021 دا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژکرایەوە، پەیماننامەکە ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییە ستراتیژییانە سنووردار دەکات کە ئەمەریکا و ڕووسیا دەتوانن ڕەوانەی بکەن.
ڕووسیا و ئەمەریکا لە جەنگی ساردەوە تاوەکو ئێستا خاوەنی لە سەدا 90 ی کڵاوە ئەتۆمییەکانی جیهانن.
واشنتن ویستوویەتی پەیماننامەکە بپارێزێت، بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیادا لە خراپترین ئاستدان بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ڕەتکردنەوەی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ڕووسیاوە ڕێگرە لە بەردەم ئەمەریکادا بۆ ئەنجامدانی کارەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەکە و مەترسی لەسەر پەیماننامەکەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا دروست کردووە."
ڕابەرانی لیژنەکانی ئاسایشی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە دەبێت پەیماننامەکان پەسەند بکەن، دەڵێن شکستی مۆسکۆ بە پابەندبوون بە پەیماننامەکەوە کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنەکانی داهاتووی چەک دەبێت.
سیناتۆری دیموکراتەکان بۆب مێنیندێز وتی " بەڵام بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ڕوون بین، بەرپرسیارێتییەکان بۆ پابەندبوون بە پەیماننامەی نیو ستارتەوە گرنگە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی سینات بیر لە هەر پەیماننامەیەکی ستراتیژی دیکەی چەک بکاتەوە لەگەڵ مۆسکۆدا."
لە مانگی هەشتدا مۆسکۆ هاریکارییەکانی ڕاگرت بۆ پشکنینەکان بەپێی پەیماننامەکە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو کۆتوبەندانەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی سەپاندوونی بەسەر گەشت کردندا، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی مۆسکۆ ڕێگەیەکی ڕوونی لەبەردەمدا بووە بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێگەدان بە پشکنینی چالاکییە ئەتۆمییەکاندا، هەروەها ئەوەشی کە ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ ڕووسیادا کاربکات بۆ ئەوەی پەیماننامەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
وتیشئ " پەیماننامەی نیو ستارت هێشتا لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادایە."
ئەم هەواڵە 292جار خوێندراوەتەوە |