ZNA- هەولێر
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەی خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، "سوپای پاسداران و چەکدارانی حزبوڵڵا لە شارەکانی ئەلبوو کەمال و ئەلمەیادین لە پارێزگای دێرەزووری سوری١١کەسیان لە هێزەکانی خۆیان دەستبەسەر کردووە".
بە گوتەی ئەم گرووپەی مافی مرۆڤە، ئەو کەسانە دوای تۆمەتبارکردنی پەیوەندییان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون.
روانگەی سووری بۆ مافی مروڤ هەروەها بڵاویکردەوە میلیشیاکانی ئێران و حزبوڵڵا متمانەیان بە هێزەکانی سووریا نەماوە و گومانیان هەیە ئەوان زانیاری لەسەر جموجۆڵ و شوێنەکانیان دەدەنە هێزەکانی هاوپەیمانان.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن شاندێکی فەرماندە باڵاکان و یەکەکانی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی ئەفسەری ئەمنی میلیشیاکانی ئێران لە سوریا چوونەتە دێرەزوور.
روانگەی سووریا هەروەها لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە سەرکردەکانی ئێران بەنیازن بەرپرسانی دەروازە سنووریەکە بگۆڕن و ترسیان هەیە لە نێویاندا سیخوڕی ئیسرائیلی یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبن.
باس لەوەش کراوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی ئێران لەسەر سنووری سوریا و لوبنان لە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمنی دان و میلیشیاکانیان نزیکبوونەوەیان لە بارەگای سەرەکی سەربازی قەدەغە کردووە.
ئەم هەواڵە 520جار خوێندراوەتەوە |