English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پرسی سەقامگیریی بەهای دینار تاوتوێ دەکەن
2023-02-03 [09:12 AM]

ZNA_ هەولێر


نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی عێراقی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیاند. دوای ئەم راگەیێندراوە بەهای دیناری عێراقی بە خێرایی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 3ـی شوباتی 2023، کۆبوونەوەی شاندی بانکی ناوەندیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکەکە لەگەڵ براین نیلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری لە تورکیا کۆتاییهات. 

 

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کرا لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میکانیزمە پەیوەندیدارەکانی.

 

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانیی خۆی بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی ئابووری لە عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بە بایەخی ئەو بنەمایانە کرد کە لەمیانی پەیوەندیی تەلەفۆنییەکەی دوێنێ پێنجشەممەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا باسکرابوون.  

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی پێویستی خۆی دەربڕیووە لەپێناو بەجێگەیاندنی ئامانجە هاوبەشەکان؛ هەروەها لایەنەکان رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لەسەر هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوانیان لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەی کە بڕیارە پێش نێوەڕاستی ئەم مانگە لە واشنتن بەڕێوەبچن. 

 

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 163 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کە دوێنێ پێنجشەممە 100 ئەمریکی 175 هەزار دیناری تێپەڕاند. 

 

رۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد.  

 

کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن "پابەندیی ئەمریکا"ـی بۆ هاوکاریی عێراق بۆ سوودانی دووپاتکردووەتەوە و گفتوگۆیشیان لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە، هاوکات جەختیشی لە پابەندیی واشنتن بۆ رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.

 

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بایدن ستایشی هەوڵەکانی سوودانی کردووە بۆ پتەوکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق. 

 

لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا، وەکو کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، هەردوو سەرکردە باسیان لە کارنامە ئابوورییەکەی سوودانی کردووە، تاوەکو دڵنیا بن لەوەی ئابووریی عێراق خزمەتی عێراقییەکان دەکات کە "ئەمەش سیاسەتێکە ئەمریکا پشتگیریی دەکات."

 

دواتر بایدن پێشوازی لە سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەمریکا کردووە کە ئامانج لێی باسکردنی زیاتری ئەو پرسانەیە.





ئەم هەواڵە 328جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad