ZNA – هەولێر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی هەینی، 3-2-2023، بڵاویکردەوە، سزای بەسەر دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای پەرڤار پارسی ئێرانی، کە تایبەتە بە دروستکردنی درۆن سەپاندووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا،رایگەیاند: درۆنەکانی ئێران لە لایەن رووسیاوە بۆ هێرشکردنەسەر ژێرخانی سڤیلی ئۆکراینا بەکاردەهێنرێن، دەشڵێت، 8 ئەندامی باڵای جێبەجێکاری کۆمپانیای پەرڤار پارس خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
لە بەرامبەر دابینکردنی درۆن بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، کۆمپانیاکە پێشتریش لە لایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
برایان نیلسن، بەرپرس لە نووسینگەی کۆنترۆڵی سامانە بیانییەکان، کە بەشێکە لە وەزارەتی گەنجینە، دەڵێت: "دامەزراوەکانی ئێران بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی درۆن بۆ سوپا و سوپای پاسدارانی ئێران، لەوە زیاتر، ئێران درۆن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا دابیندەکات بۆ بەئامانجکردنی ژێرخانی گرنگ لە ئۆکراینا".
وەزارەتی گەنجینە روونی دەکاتەوە، لە ئەنجامی ئەم سزایانە، ئەو هەشت کەسە هەر سامانێکیان لە ئەمریکا یان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەدا هەبێت، سڕدەکرێت، ئەو کەسانەشی کە مامەڵەی دارایی لەگەڵ سزادراوەکاندا دەکەن، دەکەونە مەترسیی هەمان سزاوە.
ئەم هەواڵە 427جار خوێندراوەتەوە |