ZNA - ههولێر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتییەکانی هەندێک لە وڵاتان بە شێوەیەکی کاتی، گوتی: "ئەو وڵاتانە کە کونسوڵخانە یان باڵیۆزخانەکانی خۆیان داخستووە بێ ئەوەی وردەکارییەکان لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی پێ بکەن، ئەم هەنگاوانەیان بە مەبەست ناوە".
چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوە و بازرگانی نێودەوڵەتیی ئەرجەنتین، سانتیاگۆ کافیرۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لێدوانی دا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بانگهێشتکردنی باڵیۆز و نوێنەرانی نۆ وڵات بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە هۆشداریی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە و بەشێوەیەکی کاتی بەشێک لە کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکانیان لە تورکیا داخستووە، چاوشئۆغڵو رایگەیاند، هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا هەموو خزمەتگوزارییەکانی ناو باڵیۆزخانەکانیان راگرتووە یان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان داخستووە.
چاوشئۆغڵو بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە نوێنەرایەتییە ئاماژەپێکراوەکان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کۆنسوڵخانەکانیان بە شێوەیەکی کاتی و بە بیانووی بوونی "هەڕەشەی تیرۆریستی" داخستووە، گوتی: "ئەگەر هەڕەشەی تیرۆریستی هەبێت، نابێت ئاگادارمان بکەنەوە کە ئەم هەڕەشەیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ هاتوون و پێمان دەڵێن، 'زانیاریمان هەیە، مەترسی هەیە، بۆیە دایدەخەین'. کەواتە لە کێوە هاتووە، کێ ئەوە دەکات؟ هیچ زانیارییەک نییە. دەبێت ئەم زانیارییانە بگوازنەوە بۆ یەکە ئەمنی و هەواڵگرییەکانمان".
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیان وایە لێدوانەکانیان و داخستنی کونسوڵخانەکانیان مەبەستی لە دواوەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، پەیامێکیان بە باڵوێزان و نوێنەرانی نۆ وڵات داوە کە "نابێت لێرە خزمەت بە ئەجێندای رێکخراوە تیرۆریستییەکان بگەیەنن".
باسی لهوهش كرد کە دوای کردە ئیستیفزازییەکانی قورئان سووتاندن، وەزارەتی ناوخۆ رێوشوێنە ئەمنییەکانی بە تایبەتی بەرامبەر نوێنەرایەتیی هەندێک وڵات زیادکردووە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان هەستیارن بەرامبەر بەو بابەتانە.
چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم رووداوەوە نەبووە، نوێنەرایەتییەکانیان داخستووە، گوتی: "هەروەها ئەوەش دەزانین کە هەندێک وڵات بە هەندێکی دیکە دەڵێن ' ئێوەش بەشداری ئەم چالاکیی داخستنە بکەن'. ئاشکرایە ئەم لێدوان و داخستنانە مەبەستێکی لە دواوەیە و ئێمە هۆشداریی تەواومان داوە. ئەگەر بەبێ بوونی بەڵگە دووبارە کارێکی ئاوا بکەن، ئێمەش هەنگاوی زیاتر دەگرینەبەر. دوێنێ ئەم پەیامەمان پێداون".
AA
ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە |