ZNA-هەولێر بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 5ـی شوباتی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو تەنەی بەرپەچدراوەتەوە، مووشەک نەبووە، بەڵکو وەکو خۆی دەڵێت: "فڕۆکەیەکی بچووکی جەنگی" بووە. هاوکات، چەند شاهێدحاڵێک بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە نەداوە کە فڕۆکە جەنگییەکە لەکوێوە بۆ کوێ ئاراستە کراوە. هاوکات، هیچ کام لە هێزە چەکدارەکانی غەززەش بەرپرسیارێتیی ئەو فڕۆکە جەنگییەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.
پێش ئەوە، هەر رۆژی شەممە، گرووپی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، زیاد نەخالەی سەرکردەیان سەردانی قاهیرەی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ عەباس کامل، سەرۆکی هەواڵگریی میسر کۆبێتەوە.
گرووپەکە گوتیشی، هەردوولا تاوتوێی دۆخی قودس/ئۆرشەلیم، کەرتی رۆژئاوا و کامپی پەنابەرانی جنینیان کردووە، کە مانگی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەری و 10 کەسی کوشت.
سەردانەکە دوای سەردانێکی عەباس کامل بۆ شاری رامەڵڵا هات لە رۆژی سێشەممەدا، کە لەوێ لەگەڵ محەممەد عەباس، سەرۆکی فەلەستین کۆبووەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی گرژییەکانی ئەم دواییە بکات.
رۆژی پێجشەممە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردەسەر کەرتی غەززە، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە لە خاکی فەلەستینەوە بە مووشەک هێرشکرایە سەر ئیسرائیل.
ئەم هەواڵە 415جار خوێندراوەتەوە |