ZNA-هەولێر شەوی شەممە، 4ـی شوباتی 2023، ئانیتا ئەناند، وەزیری بەرگریی کەنەدا لە تویتێکدا ڤیدیۆی تانکێکی لیۆپارد 2ـی بڵاوکردەوە، کە دەخرێتە نێو فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی و نووسی: "تانکی شەڕکەر بەڕێوەن بۆ ئەوەی یارمەتیی ئۆکراینا بدەن".
وەزیری بەرگریی کەنەدا دەشڵێت، ئەوە یەکەم تانکی لیۆپارد 2یە لەلایەن وڵاتەکەی دەدرێتە ئۆکراینا و جەخت لەوە دەکاتەوە، پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.
لە تویتێکی دیکەدا، وەزیری بەرگریی کەنەدا ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکە سەربازییەکە لە شاری هالیفاکسی باشووری رۆژهەڵاتی کەنەدا فڕیوە و دەڵێت، "کەنەدا لەگەڵ ئۆکراینا و گەلەکەی دەوەستێتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی چەک و ئەو کەلوپەلەی کە بۆ بردنەوە پێویستیان پێیەتی".
لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کەنەدا رایگەیاند، چوار تانکی جۆری لیۆپارد 2ـی ئەڵمانی دەداتە ئۆکراینا. ئەوەش دوای ئەوە هات کە هەریەکە لە ئەڵمانیا، ئەمریکا و بەریتانیا بڕیاری ناردنی تانکە پێشکەوتووەکانی وڵاتەکەیان بە ئۆکراینا دا.
ئەم هەواڵە 442جار خوێندراوەتەوە |