ZNA- هەولێر
لە کاتێکدا پێنج مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا تێدەپەڕێت، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند حکومەتی واشنتۆن بیر لە سزادانی ئەو کۆمپانیا چینییانه دەکاتەوە ئامێر و کامێرای چاودێری بە ئێران دەفرۆشن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانیا لە زمان سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە لە گفتوگۆی پێشکەوتوودان سەبارەت بە سزادانی ئەو کۆمپانیایە چینیانە، بەتایبەت کۆمپانیای تیاندی تەکنەلۆجی کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری ئامێری چاودێرییە و بنکەکەی لە شاری تیانجینە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی چین و بەرهەمەکانی بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران فرۆشراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، داتاکانی گومرگی چین ئاماژە بەوە دەکەن هەناردەکردنی کەرەستەی تۆمارکردنی ڤیدیۆ بۆ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمە لە کاتێکدا ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئەم وڵاتە لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی دەوریەی ئیرشاد لە مانگی ئەیلولدا زیادی کردبوو.
ئەم ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە گرووپەکانی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە هێزە ئەمنییەکان لە ئێران لە تەکنۆلۆژیای چاودێری پێشکەوتوو و هێزی یەکپۆشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەو کەڵک وەردەگرن.
ئەم هەواڵە 433جار خوێندراوەتەوە |