ZNA – هەولێر
کۆشکی سپی رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن بۆئەوەی هاوکاریی لێقەوماوان بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بەیانی زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمرۆ دووشەممە 6-2- 2023، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریاوە "زۆر نیگەران بووە، ئامادەین هەر هاوکارییەکیان پێ بگەیێنین."
کۆشکی سپی راشیگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاژانسی ئەمریکای بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID و هاوبەشەکانی دیکەی فیدراڵی راسپاردووە بۆئەوەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریا و تورکیاوە زۆر نیگەران بووە"، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر هێڵن و ئامادەیی ئەمریکای پێ راگەیاندوون کە "هەر هاوکارییەکیان پێویست بوو پێیان بگەیێنین."
سوڵیڤان گوتیشی، "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگیی تورکیا چاودێریی دۆخەکە بکەین."
بەرەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەڕەشی هەژاندووە، شاری مەڕەش دەکەوێتە باکووری کوردستان، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 117 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم هەواڵە 283جار خوێندراوەتەوە |