ZNA – هەولێر
سەبارەت بەو زنجیرە بوومەلەرزەیەی باکوری کوردستانی گرتەوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "تیمەکانمان رەوانەی ناوچە کراون و داوای هاوکاری نێودەوڵەتی دەکەین."
سولەیمان سۆیڵۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: تا ئێستا لانی کەم پێنج بومەلەرزەی دیکە دوای بومەلەرزەی سەرەکی کە بەگوڕی ٧،٤ پلە قەزای پازارجکی سەربە پارێزگای مەڕەشی هەژاند، بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە روویانداوە، و بەهێزترینیان ٦،٦ پلە بووە".
بوومەلەرزەکە کاری کردووەتە سەر پارێزگاکانی عەنتاب، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، ئادانا، دیاربەکرد، کیلیس و ئورفا.
سۆیلۆ جەختیکردەوە، لە زۆر شوێنەوە هەواڵیان پێدەگات و لە ئێستادا تیمەکانیان رەوانەی ناوچەكە کراون و فڕۆکە بارهەڵگرەکانیان لە ئامادەباشیدان.
داواشی لە هاوڵاتیان کرد، لە شوێنەکانیان ئۆتۆمبێل بەکارنەهێنن و کاری لە پێشینەیان رزگارکردنی ئەو کەسانەیە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاو و رەوانەکردنیانە بۆ نەخۆشخانە و هەموو تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و ئاستی ئاگاداری چواریان راگەیاندووە. "ئەمە ئاگادارییەکە هاوکاری نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە".
بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان تا ئێستا زیاتر لە 300 كەس بەهۆی زنجیرە بوومەلەرزەکەوە لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.
ئەم هەواڵە 283جار خوێندراوەتەوە |