ZNA-هەولێر بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی بازرگانیکردن بە دراوی دیجیتاڵی هۆشداری دەدات و دەڵێت: بازرگانیکردن بە دراوی دیجیتاڵی له هەموو جۆرەکانی قەدەغەیە و سزای بەدواوەیە.
لە راگەیاندراوێكدا بانکی ناوەندیی عێراق، بڵاویكردەوە: "دووپاتی دەکەینەوە ئەوەی لە فەرمانی گشتاندنمان ژمارە (125/5/9 ) لە 29 ئاداری 2022دا هاتبوو کە له ناوهرۆکهکهیدا بڕیاردرابوو ڕێگری لە بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و کارتیجزدان بکرێت بە مەبەستی سهفتهبازیی (المچاربە) و بازرگانیکردن بە دراوی دیجیتاڵی له هەموو جۆرەکانی."
ئاماژەی بەوەش داوە، پێویستە هەموو بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و هەموو دامەزراوە داراییە مۆڵەتپێدراوەکان و هەموو کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەم دوو خاڵ پابەند بن:
یەكە - گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی کارگێڕی و یاسایی و تەکنیکی پێویست بۆ ڕێگریکردن و بەدواداچوونی ئەو جۆرە مامەڵەو بازرگانیانە.
دووەم - هۆشیارکردنهوهی کڕیارەکانتان سەبارەت بەو مەترسی و ڕێکارانەی کە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی پەیوەست بەم جۆره مامەڵە و سهوداکردنانه.
بانكی ناوەندی ئەوەی بە بانك و كۆمپانیاكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی راگەیاندووە كە "بە پێچەوانەوە هەموو ڕێوشوێنە یاساییە توندەکان بەرامبەر بە دامەزراوەکانتان و کڕیارەکانتان دەگیرێتەبەر بە پێی یاسای دژە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و ڕێنماییهکانی که دەرچوون لە ئەگەری پابەندنەبوون."
ئەم هەواڵە 982جار خوێندراوەتەوە |