ZNA-هەولێر ئەمڕۆ نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە نزیک نزمترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک 1868 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1881 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی 1، بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لە نزیکەی 1965 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 1865 دۆلار.
بازرگانانی زێڕ چاویان لە گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئینستیتۆی ئابووریی واشنتن گوتارێک پێشکەش بکات.
بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ نیگەران بن لە وەرچەرخانی سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر بەرزبوونەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکەکەوە.
ئەم هەواڵە 367جار خوێندراوەتەوە |